بەفر بەسەر یادداشتەكانمدا دەبارێ

16/2/2008پاشنیوەڕۆ
ئەم بەیانییە فایلێكم لە بارەی ئۆرهان پاموك خوێندەوە. كاری زۆری تێكردووم. بە تایبەت پوختەی وتووێژێكی ڕۆژنامەی"میلییەت" كە فەرهادی ئەكبەری وەریگێڕاوە. هەم بابەتەكە جوان بوو، هەم وەرگێڕانەكەی. لە دڵی خۆمدا ئێرەییم بەو دۆخە برد كە ئۆرهان پاموكی تێدا ژیاوە: شاری جوانی ئەستەمبووڵ، باوكێكی ڕۆشنبیر، خێزانێكی خواپێداو و تەمەنێك خۆ تەرخانكردن بۆ بیركردنەوە و نووسین.
فایلەكەی گۆڤاری "واتە" تامەزرۆی كردووم هەرچی زووە ڕۆمانی "بەفر"ی پاموك پەیدا بكەم.
17/2/2008ـ 11:30 ی شەو
دوو بەشم لێ خوێندۆتەوە. سەرنجڕاكێشە. بەڵام هێشتا زووە هیچی لە بارەوە بنووسم. ئەوی دڵخۆشم دەكا زمانی ڕەوان و كوردانەی "بەكر شوانی"یە كە رۆمانەكەی وەرگێڕاوە. لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا لە سێ جێگا تێبینیی زمانەوانیم لە سەری بووە و بە قەڵەمی دار هێڵم لە ژێر كێشاون. نابێ كتێبەكە پیس بكەم. ئەمانەتە و "سالار"ی هاوڕێم ئارەقی نێوچاوانی خۆی پێداوە. دوێنێ بە تەلەفۆن داوای "بەفر"م لێكرد و هەر بۆ شەوێ بە شاگردەكەیدا بۆی ناردم. ماڵی هەردووكیان ئاوەدان.
18/2/2008ـ 11:50 شەو
تا ئێستا چاردە بەشم لێ خوێندوونەوە كە دەكاتە ١٩٢ لاپەڕە. نیوەتێریش نەبوومە. بەڵام پاش دە دەقیقەی تر كارەبا دەبڕێ و بە ناچاری دەبێ واز لە لەزەتی خوێندنەوە بێنم.
19/2/2008ـ 11:30 ی بەیانی
بە درێژایی ئەو ٣٩٨ لاپەڕەیەی خوێندوومنەوە، لە ڕۆمانەكەدا بەردەوام بەفر دەبارێ. "قارس" نوقمی بەفر بووە و تەنانەت لە فەسڵێكدا كە ناوبڕێكە بۆ چوار ساڵ دواتر، لە فرانكفۆرتی ئاڵمانیش بەفر بۆ تاوێ خۆشی ناكاتەوە.
من كە كوڕی وڵاتی بەفر و كڕێوەم و وا چەند زستانێكە بەفر نەگەیشتۆتە گوێزینگم، دڵم بۆی هێندەی دڵی چۆلەكەیەكی لێهاتۆتەوە.
شەوێدی بە تەلەفۆن پێیانگوتم: لە "خانێ" پشتێنێكی بەفر تێكردووە.
23/2/2008ـ 5:10 ی ئێوارە
دوو ڕۆژە لە خوێندنەوەی "بەفر" بوومەتەوە. هێشتا كەشوهەوای ڕۆمانەكە بەری نەداوم. بۆ هەر كوێ دەچم ڕووداو و كەسێتی و دیالۆگەكان، زرپ و زیندوو دێنەوە پێش چاوم. هەر كێ دەبینم باسی "بەفر"ی بۆ دەكەم. دەڵێم: پامووك، توركیای بە هەموو كێشەكانیەوە بچووك كرووەتەوە و لە دەفری"قارس"یدا گونجاندووە. هەڵبژاردنی ئەم شارۆچكەیە بۆ شانۆی ڕووداوەكانی ڕۆمانەكە تابڵێی وردبینانەیە. قارس هەڵگری هەموو ئەو تایبەتمەندییانەیە كە توركیایان كردۆتە گۆڕەپانی ململانێ سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕۆحییەكان؛ ململانێی نێوان ئایین و عەلمانیەت، بە ئەوروپی بوون و نەریتخوازی، تواندنەوە و بەرگریكردن.
هەندێك ڕەهەندی ئەم ململانێیە وەك چەوسانەوەی نەتەوەیی و ڕووبەڕوونەوەی مۆدێڕنە و ترادیسیۆن، هەمان ئەو كێشانەن كە كەم و زۆر ئێخەی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتیان گرتووە.
بەفر لە ڕووبەرێكی جوگرافیی بەرتەسكی وەك "قارس" دا ـ كە تامەزۆرم ڕۆژێك بیبینم ـ و لە ماوەیەكی كورتی سێ ڕۆژەدا ڕوودەدات، بەڵام پیتێنراوی مێژوویەكی لانیكەم هەشتا ساڵەیە و گشت ڕووبەری وڵاتەكەی گرتۆتە خۆی.
بەفر نیشانمان دەدا لە كۆمەڵگایەكی داخراو و میلیتاریزەكراودا كە نیوەی دانیشتوانەكەی سیخوڕی دەوڵەت بن و ژەنەڕاڵەکان چارەنووسی میللەت دیاری بكەن، دەشێ مرۆڤێكی بێئازاری وەك "كا"ش تێكەڵ بە دەست خستنە چارەنووسی خەڵكی تر و پاشان سیخوڕی و دواجار ناپاكی بكرێت. "كا" كە دوای دە ساڵ بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە، پاكیزەیی سەردەمی منداڵیی خۆی بدۆزێتەوە یان پێوشوێنی سەرەداوی ئەڤینێكی بزربوو هەڵبگرێ، ئەم سەفەرەی لێ دەبێتە بەڵای سەر و دەبێتە هۆی هەڵگرتنی ڕقێكی هێندە ئەستوور كە دواجار پاش چوار ساڵ دەستی ئەو ڕقە لە فرانكفۆرت دەیگاتێ و دەیداتە بەر چەقۆ.
كا، تورگوت بەگ، ئیپەك، قەدیفە، نەجیب و شینە و زۆربەی كەسایەتییەكان هەر یەكەو بە شێوەیەك قوربانین. قوربانیی دەستی تاقمێك ئەفسەر و شانۆگەری دەغەزدار كە دوای كڵاوی بابردووی ئەتاتورك كەوتوون. قوربانیی دەستی ئەو باوەڕ و نەریتانەی كە لە وڵاتەكەدا دوو چینیان بەرهەم هێناوە: چینێكی چالاك و دڵڕەق كە بە خوێن و شەق وڵات بەڕێوە دەبەن، چینێكی پاسیڤ و دۆڕاو كە تەنیا كاریان ئەوەیە لە چایخانەكان دابنیشن و تەماشای تەلەڤزیۆنی حكومەت بكەن.
لەم ڕۆمانەدا قارس دۆزەخێكە كە مرۆڤ لە هیچ شوێنێك تەنیا نییە و بەردەوام كۆنتڕۆڵ دەكرێ؛ رێگاكانی بۆ دەستنیشان دەكرێن و هەر كە لە ئاراستەی رێگاكە لایدا ئەشكەنجە دەدرێ و بە قەولی پامووك بە ئاسانیی كوشتنی مێشێك دەكوژرێ؛ كوشتنێك لەسەر شانۆ و بە بەرچاوی بینەران و پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆنەوەش نەك بە نهێنی.
بەفر، كە لە سەرتاسەری ڕۆمانەكەدا بۆ تاوێک لێی ناكاتەوە، چیدی بەفرێك نییە ڕەمزی بەرائەت و سپیەتی بێ، بەڵكو لەوێدا بەفر مادەیەكە بۆ شاردنەوەی ڕەشاییەكان، بۆ داخستنی ڕێگاكان و بۆ تەریك كردنەوەی قارس لە دنیا.
9/4/2008 – 11:31ی شەو، دارەتوو
ئەو چەند كەسەی باسی بەفرم بۆ كردوون، لە كۆتاییدا بە یەك دێڕ وەڵامیان داومەتەوە:
- "منیش دەبێ بیخوێنمەوە."